
حەسەن زیرەک
بولبولی کوردستان
١٩٢١ - ١٩٧٢
حەسەن زیرەک (٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان – ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە بۆکان) ھونەرمەند و گۆرانیبێژێکی کورد بوو، کە بە یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد لە تەواوی کوردستاندا دادەنرێت. بەرچاوترین کاری، کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە گۆرانی و ئاوازی تۆمارکراوی کوردی بوو بە دەنگی خۆی کە ژمارەیان لە نێوان ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ گۆرانییە. زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور ناسراوە.
ھەرچەندە حەسەن زیرەک بەھۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە سوودی لە خوێندن وەرنەگرت، بەڵام لە دانانی ئاواز و گۆرانیی کوردیدا شارەزا بوو، ئەم بەھرەیە لەگەڵ دەنگیدا، گۆرانییەکانی لە سەرانسەری کوردستاندا جێی بایەخ کردووە. گۆرانییە کوردییەکانی ھەتا ئێستاش لەناو کوردەکاندا بە تایبەت لە ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان لە شوێنە گشتییەکان، سەیرانگا، بۆنە و ئاھەنگەکاندا دەبیسترێت.
حەسەن زیرەک جگە لە زمانی کوردیی زگماکی خۆی (شێوەزاری سۆرانی)، زمانەکانی فارسی، تورکی، ئازەربایجانی، ئەرمەنی و شێوەزاری لوڕیی باکووریی تێکەڵاوی گۆرانییەکانی کردووە. ئەو خاوەنی ٣ مەقامە بە تورکی، ٨ مەقام بە فارسی، ٢ مەقام بە ھەورامی و ٦٤ مەقام بە کوردیی سۆرانی. زیرەک لەگەڵ ئۆرکێستراکانی مۆسیقای کوردیی برایانی یوسف زەمانی، ئۆرکێسترای موشیر ھومایۆن شارەدار لە تاران و ئۆرکێسترای موجتەبا میرزادە لە کرماشان گۆرانیی پێشکەش کردووە.
هێڵی کاتی ژیان
لەدایکبوون لە بۆکان
حەسەن زیرەک لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان لەدایکبوو.
کۆچی دوایی باوکی
باوکی کۆچی دوایی کرد کاتێک زیرەک تەنها ٧-٨ ساڵان بوو، ناچار بوو کاری جۆراوجۆر بکات.
ڕادیۆی بەغدا
دەستی بە کاری هونەری فەرمی کرد لە ڕادیۆی کوردی بەغدا، زیاتر لە ٤٠٠ گۆرانی تۆمار کرد.
ڕادیۆی تاران
دوای گەڕانەوە بۆ ئێران، کاری کرد لە ڕادیۆی کوردی تاران، موزیکی فۆلکلۆری کوردی پاراست.
ڕادیۆی کرماشان
بەردەوام بوو لە کاری لە ڕادیۆی کرماشان، ئەرشیفی موزیکی خۆی فراوانتر کرد.
چیریکەی کوردستان
کتێبی خودنووسراوەی شیعری "چیریکەی کوردستان" بڵاوکردەوە، حکومەتی ئێرانی تووڕە کرد.
کۆچی دوایی کرد
حەسەن زیرەک لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ کۆچی دوایی کرد لە تاران. لە گوندی ناڵەشکێنە نزیک بۆکان نێژراوە.
ژیاننامە
سەرەتای ژیان
بەپێی بڕوانامەی لەدایکبوون و بە گوێرەی خەڵکی ناوچەی بۆکان و بنەماڵەکەی لە ساڵی ١٩٢١ لە گەڕەکی قەڵای سەردار، لە شاری بۆکان لە پارێزگای ورمێ حەسەن زیرەک لەدایکبووە. عەبدوڵڵا، باوکی حەسەن زیرەک لە سەردەمی منداڵی زیرەک کۆچی دوایی کرد و دواتر ھاوسەرەکەی بەناوی ئامینە کەیفە، توانای چاودێری و بەخێوکردنی منداڵەکانی نەبوو، بۆیە ناچار بوو دووبارە ھاوسەرگیری بکاتەوە و منداڵەکانی بە زیرەکیشەوە نەچوونە قوتابخانە و کرێکارییان دەکرد بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان.
ژیانی ناخۆش و ئاوارەیی حەسەن زیرەک لەو کاتەوە دەستی پێکرد کاتێک باوکی کۆچی دوایی کرد و دایکی شووی کردەوە. حەسەن زیرەک خوشکێک بە ناوی سارا و دوو برای بە ناوەکانی حوسێن و مینە (محەممەد ئەمین) ھەبوو. حەسەن زیرەک بە درێژایی تەمەنی منداڵی و گەنجی چەندین کاری جۆراوجۆری تاقی کردووەتەوە، وەک کرێکاری و شاگردی لە دوکانی خواردنەوە و شیرینی، قاوەچێتی، کارکردن لە چایخانە و بەردەستیی کەبابچی لە بۆکان و شارەکانی دیکە، تەنانەت چووەتە پێنجوێن، سلێمانی، مووسڵ، بەسڕە، خووزستان و باشووری ئێران بۆ کرێکاری کردن.
ڕادیۆی کوردیی بەغدا
سەرەتا حەسەن زیرەک دەچێتە پێنجوێن و پاشان سلێمانی، نیشتەجێی گەڕەکی دەرگەزێنی سلێمانی دەبێت، لەوێ لە ھۆتێلێکدا بە شاگردی کار دەکات و ھەر لەوێش ھاوسەرگیری دەکات لەگەڵ ناسکێ. دواتر لە ساڵی ١٩٥٠ زیرەک لە بەغدا لە میوانخانەی باکوور (فندق شمال) لای جەعفەری خاوەن ھۆتێل دەست دەکات بە شاگردی. ڕۆژێک ھاوپیشە و کەسانی نزیک لە ھۆتێلەکە دەنگخۆشیی حەسەن زیرەک بۆ جەعفەر باس دەکەن، جەعفەریش ھەر زوو تاقیدەکاتەوە و پلەی زیرەک لە ھۆتێلەکە بەرز دەکاتەوە، و ھەموو ھەینییەک لەسەر تەختی میوانخانەی ھۆتێلەکە دەست دەکات بە گۆرانیوتن.
ھەواڵ دەچێتە ڕادیۆ و کارمەندانی ڕادیۆ دەچن بۆ میوانخانە تا زیرەک بھێننە ڕادیۆ و وەک کارمەند دایمەزرێنن. زیرەک دەچێتە ڕادیۆی کوردیی بەغدا و بە ھاوکاری عەلی مەردان و ھونەرمەندانی دیکە بەشداری بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا دەکات. حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٥٣وە لە بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا بەفەرمی دادەمەزرێت.
گەڕانەوە بۆ ئێران و ڕادیۆی تاران
ساڵی ١٩٥٨ کاتێک حەسەن زیرەک گەڕایەوە بۆکان، عەبدوڵڵا موفتیزادە کە لە ڕادیۆی سنە کاری دەکرد، دەچێتە لای زیرەک و بانگێشتی دەکات بۆ ڕادیۆی سنە تا گۆرانی لێ تۆمار بکات. پاش ماوەیەک زیرەک دەچێتە مەھاباد و دواتر دەچنە ڕادیۆی کوردیی تاران کە تازە دامەزرابوو.
بەپێی بەڵێننامەیەک لە ڕێکەوتی ١٢ی نیسانی ١٩٥٨، محەممەد کەیھان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕادیۆی کوردی لە تاران، ئاماژە بە پێدانی مانگانەی دوازدە ھەزار تمەن دەکات بە زیرەک بۆ پێشکەشکردنی گۆرانی کوردی. ئەو بەرھەمانەی کە حەسەن زیرەک لە ڕادیۆی کوردیی تاران تۆماری کردبوو، زۆر جار بە ئامێری مامۆستاکانی وەک حسێن یاھەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەھناز، جیھانگیر مەلەک، ئەحمەد عیبادی و بە سەرپەرشتیی موشیر ھومایۆن شارەدار تۆماری دەکردن.
ڕادیۆی کوردیی کرماشان
لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٦٢ کاتێک ڕادیۆی کوردیی تاران داخرا، حەسەن زیرەک و ھاوکارەکانی بەرەو کرماشان بەڕێکەوتن. حەسەن زیرەک لە ڕادیۆی کوردیی کرماشان بە ھاوکاریی لەگەڵ ھونەرمەندانی دیاری کرماشان وەک موجتەبا میرزادە (کەمانچە)، محەممەد عەبدولسەمەدی (قەڕانی)، ئەکبەر عیزەدی (سەنتوور) و بەھمەن پولەکی گەلێک گۆرانی تۆمار کرد. بەرھەمەکانی حەسەن زیرەک لە ڕادیۆی کرماشان بە باشترین بەرھەمەکان و سەردەمی زێڕینی دادەنرێن.
کۆتایییەکانی ژیان و مەرگ
دوا ساڵەکانی تەمەنی حەسەن زیرەک لە ناخۆشی و دەربەدەریدا بەسەر برد. دوای دەرکردنی لە ڕادیۆکان، زیرەک لە عێراق دەستگیر دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت. دوای ئازادبوونی لە عێراق و گەڕانەوەی بۆ ئێران، دیسان لەلایەن ساواکەوە دەستبەسەر دەکرێت.
زیرەک لە ماوەی ٥٠ ساڵی تەمەنیدا چەندین جار بە شێوازی جیاواز ھەراسان دەکرا. ئەو لە شاری شنۆ مایەوە و دواتر بە سەختی نەخۆش کەوت. حەسەن زیرەک دوای ھەفتەیەک و چەند ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەی بۆکان، لە کاتژمێر ٨ بۆ ٩ی شەوی ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە تەمەنی ٥١ ساڵیدا کۆچی دواییی کرد. ھەرچەندە ھۆکاری فەرمی مردنەکەی بە شێرپەنجەی جگەر ڕاگەیەندراوە، بەڵام گومان و دەنگۆی ئەوە ھەیە کە لەلایەن ساواکەوە ژەھراوی کرابێت. تەرمەکەی لە دامێنی کێوی ناڵەشکێنە لە بۆکان بە خاک سپێردرا.
ژیانی کەسی
حەسەن زیرەک نەک تەنھا بەھۆی بەھرەی لە مۆسیقادا، بەڵکو بە شێوازی ژیانیشی ناسراو بوو. میدیا زەندی ھاوسەری زیرەک بووە و خاوەنی دوو کچە لێی بە ناوەکانی مەھتاب (ئارەزوو) و مەھناز (ساکار). میدیا کچی عەلی زەندی بووە. ئەو ماوەیەی پێکەوە بوون بەھۆی نەخوێندەواری حەسەن زیرەک، میدیا زەندی یارمەتییەکی زۆری داوە لە نووسین و خوێندنەوەی شیعرەکان. ڕابیعە سەرئەنجام کۆتا ھاوسەری زیرەکە و تا کۆتایییەکانی ژیانی زیرەک لەگەڵیدا بووە.
ھەستی کوردایەتی
حەسەن زیرەک وەک ھونەرمەند و چالاکەکانی ئەوکاتە، ھەستی بە شوناسی خۆیەتی کردووە و ناسیۆنالیستێکی کورد بوو. لە زۆرینەی گۆرانییەکانی ناوی «کورد» و «کوردستان»ی بەکارھێناوە. گۆرانی «نەورۆز»ی حەسەن زیرەک کە لەسەر شیعرێکی پیرەمێرد بەرھەمی ھێناوە، یەکێکە لەو گۆرانیانەی تائێستاش لە جەژنی نەتەوەیی کورد، نەورۆز لێ دەدرێت.
زیرەک چەندین ھەڵبەست و مەقام و گۆرانی نیشتیمانپەروەرانەی ھەیە لەوانە: «ئەی نیشتیمان»، «ئەی وەتەن»، «ئەمن کوردم»، «بژی کورد و کوردستان».
ژیانی ھونەری
حەسەن زیرەک بە قوتابخانەیەکی گەورە لە گۆرانی کوردی دادەنرێت. زیرەک نەک ھەر دەنگ و یادەوەرییەکی بەھێزی ھەبوو، بەڵکو لە یەک کاتدا شیعر و ھۆنراوەی گۆرانییەکەی لە مێشکیدا دەنووسی و لەسەر ھەر ئاوازێک بۆی بژەندرایە دەیگوتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندیی گۆرانییەکانی، پشتبەستنی بە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانە.
گۆرانییە دیارەکان
بەشێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی: * نەورۆز * ئەی نیشتیمان * کەتانە * کرماشان شاری شیرینم * ناڵەشکێنە * خان باجی * یەڵا شۆفێر * گەوھەرێ * ھەوری لار
کتێبی چریکەی کوردستان
«چریکەی کوردستان» کتێبێکی ژیننامەیی شیعرییە، ساڵی ١٩٦٦ لە تاران چاپکرا. بەھۆی نەخوێندەواری حەسەن زیرەک، میدیا زەندی ھاوسەری لە نووسین و داڕشتنەوەی کتێبەکە یارمەتیداوە. بڵاوکردنەوەی کتێبێک بە زمانی کوردی و ناوی کوردستانەوە، توڕەبوونی حکوومەتی لێ دەکەوێتەوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زیرەک دەردەچێت.