نووری ڕوخسارت
شێعری ئاوات
نووری ڕوخسارت وەدەرخە، دەردی بێدەرمانە شەو
زوڵمەتی زولفت لەسەر ڕووتە، لە ڕوژ میوانە شەو
دوێ شکور مەردانە، من ڕێم بردە ناو زولفی سیات
تا بزانن ئەهلی موڵکی دڵ، قەڵای مێردانە شەو
هەر لە مەغریب تا بەیانی، بێوچان دێت و دەچێ
هەر لە دووی خورشیدی خاوەر وێڵ و سەرگەردانە شەو
قەدری شەو چا بگرە عاشق، شەمع و پەروانە دەڵێن
سۆز و گریەی شەمع، هەر شەو سووتنی پەروانە شەو
کوێر و نابینایە ئێستاکە لە داخی ڕۆژی ڕووت
بۆیە ڕەشپۆش و فەقیر و مات و بەستەزمانە شەو
عاشق و مەعشووق لە ڕۆژدا خۆ دەپارێزن لە خەڵک
گەر پەنای چاکت دەوێ، بۆ ئەو دووە بڕوانە شەو
هەستە کامیل، بەستە سستی، دەی بڕۆ لێڕاکەوە
تا وڵات بێدەنگ و باسە، تا لە ڕۆژ میوانە شەو