مەقامی ٨

شێعری ن. ئاری

جێم نییە تیا بسرەوم، خاکم وە سەر، بێلانە خۆم
بێکەس و بێدەر و بێیار و هاودەم، بێمەی و مەیخانە خۆم
یار ئەڵێن تۆراوە لێم، دەک کافری بتخانە خۆم
ئەی بە ڕووزەردی هەڵاتوووی ئەم کەژ و کێوانە خۆم
وەی بە ڕیسوایی لە کووچەی شاردا دێوانە خۆم
مەستەحەقی تیر و تانەی ئاشنا و بێگانە خۆم
لافی دڵداریم لێ ئەدا، دوێنی لە مەیدانا بە دڵ
هاتوچۆی لای دولبەرم بوو، زۆر بەتاسە، زۆر بەکوڵ
هەر وەکوو بولبوول لە گوڵزارا ئەچوومە سەیری گوڵ
ئێستەکەش بێکەس لە ساحەی عەشقدا بێیانە خۆم
هاتوچۆی بێترس و تانەی دوژمنم بوو ئەی برا
شووشەکەی دڵ ورد و خاش بوو، بەردی جەوری لێدرا
هاودەمم ناڵەی دەروون بوو، ئێستە وا دەنگی بڕا
دوور لە چاوی یاری شیرین سوحبەتی جانانە خۆم
وای بە ڕیسوایی لە کووچەی شاردا دێوانە خۆم
کەس لە ڕۆژانی ژیانە بێدڵ و بێلەیل نەبێ
وەک منی بێچارە هەرگیز وا دەروونی کەیل نەبێ
هەر وەکوو مەجنوونی بێکەس وێڵی کۆچی لەیل نەبێ
ڕەنجی فەرهادیم بەباچوو، قەیسی سەرگەردانە خۆم